ململانێی نێوان لایەنە کوردییەکان زیان بە حکومەتی عێراقیش دەگەێنێت

(0) / / وتار / سەرۆک کۆماری عێراق


Jan 31, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەردەشت محەممەد

مێژووی سەدان ساڵەی کورد پڕیەتی لە بەرخودان و قوربانیدان بۆ ڕزگاربوون لەکۆتوبەندی ژێردەستەی و داگیرکاری، ئەگەر لە ڕاپەڕینەکەی هەولێرەوە دەست پێبکەین کەماوەی ١٣ ساڵ درێژەی کێشا بۆ ئازادبون لە ژێردەستەی هێزێکی دڕندەی وەک مەغۆل و تا ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ کەڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بوو لەباشووری کوردستان، بۆ وەدەرنان و کۆتای هاتن بەحکومی داگیرکارێکی وەک بەعس، ئەوا بۆمان ڕووندەبێتەوە هەموو ئەو قوربانیدان و بەرگریکردنانە بۆ ئەوەبوو نەتەوەی کوردیش هاوشێوەی گەلانی دیکە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ و ئازادبێت لەناوچەکەدا.

دوای هەوڵوماندوبون و خەباتێکی نەبڕاوە کورد توانی لەباشوور ببێت بەخاوەن سنورێکی پارێزرا و حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەری،بەڵام پاش ڕوخانی ڕێژێمی بەعس و بەشداری کورد لە بنیاتنانەوەی سەرلەنوێ حکومەتی عێراق و دابەشکردنی پۆستەباڵاکان لەعێراقدا بەپێی ڕێکەوتنێکی سیاسی نێوان "کورد و شیعە و سونە" ململانێی نێوخۆی هێزە کوردییەکان لەسەر بەدەست هێنانی پشکی کورد لەبەغدا جارێکی دیکە خەریکە دەبێتە هۆکاری لەگۆڕنانی خەونی سەدان ساڵەی کورد و هەڵوەشاندنەوە و لێکترازانی نێوماڵی کورد،ئەمەلەکاتێکدایە دەبوو ئەو پۆستانە لەبری ئەوەی ببێت بە هۆکاری قوڵبونەوەی ناکۆکی و ململانێیەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی، دەبوو دەرفەتی ئەوەی بۆ هێزە کوردییەکان بڕەخساندایە کەخزمەتی زیاتری خەڵک و خاکی کوردستان بکەن.

ململانێی نێوان هێزەکوردییەکان لەبەغداد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەک تەنها زیان بەناوخۆی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت،بەڵکو زیان بە حکومەتی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی، دەگەینێت کە لەئێستادا موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر پێداگری لەسەردەکات،چونکە لاوازی هێزێکی کاریگەری وەک کورد و بەردەوامی ململانێی نێوخۆی نێوماڵی کورد وادەکات ناهەوسەنگییەکی گەورە لەتەرازوی سیاسی عێراقدا ڕووبدات  ئەوەتا ئێستا دەبینین بەهۆی قوڵبونەوەی ململانێکانی نێوان هێزە کوردییەکان لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بووە بەفاکتەرێکی گرنگ بۆ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەعێراقدا و کەڕەنگە دواجار ئەم دواخستنە گرفتی گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەم ناکۆکیانە ئەگەر لەسەر ئاستی عێراق  بەو ئەندازەیەبێت  ئەوا لەناوخۆدا دەیان هێندەی دیکە مەترسی  لەسەرئاسایشی ناوچەکە و بەتایبەت ناوچە ناکۆکەکان و هەروەها لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتیش دەبێت.

چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بەربژێرکردنی کەسێکە کە ڕازامەندی کۆی هێزە سیاسیەکانی لەسەربێت،چونکە ئەو پۆستە مافی گەلی کوردە نەک هێز و گروپێکی دیاریکراو و هەروەها  هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆئەوەی کورد لە کابینەکانی داهاتوودا ڕوبەووی ئەم ململانێ نێوخۆیانە نەبێتەوە./.