پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئەمریکا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە

(0) / / ڕاپۆرت / جۆبایدن محەممەد بن زاید


Mar 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

جێنشینی ئەبوزەبی پاش هێرشەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر ئیمارات، ئامادە نەبووە ژنڕاڵ کێنت مەک کێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ببینێت.

ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە محەممەد بن زاید داوای کۆبوونەوەی ژنڕاڵ مەک کێنزیی ڕەتکردووەتەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە ئیمارات و سعوودیە لە سیاسەتەکانی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ناوچەکە نیگەرانن، بە تایبەت ئەوەی کە ئامادە نییە وەڵامی هێرشەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن بداتەوە و بەم هۆیەوە هەر دوو وڵاتە عەرەبییەکە ڕوویان هێناوەتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕووسیا و چین.

پاش هێرشەکانی ئەنساروڵڵا بۆ سەر چەند پێگەیەک لە ئەبوزەبی و دوبەی، ژنڕاڵ مەک کێنزی فەرماندەی سنتکۆم سەردانی ئیماراتی کرد و لە گەڵ حەمەد ڕەمیسی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتە کۆبووە.

مەک کێنزی داوای ئەوەشی کردبوو کە لە گەڵ محەممەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی کۆببێتەوە بەڵام داواکەی ڕەتکرایەوە.

ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ساردییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئەمریکا دەبینرێت و بۆ ئەمەش چەندین بەڵگە بوونی هەیە، بە تایبەت ئەوەی کە محەممەد بن زاید بەم دواییانە ڕەتیکردەوە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بداتەوە.

هەروەها ئیمارات نێوەندگێڕیی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە و سعوودیە ڕەتکردەوە کە ئامانجەکەی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بوو.

هەروەها ئیمارات کە ئەندامی ئەم خولەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، دەنگی بێلایەنی بە پرۆژەپێشنیارەکەی ئەمریکا بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دا./.