کەمێک لێگەڕێن بۆ بەرهەم ساڵح!
(0) /
هاوژین عومەر
لە ڕۆژانى ڕابردوودا؛ کەناڵى "سکاى نیوزى عەرەبیى" چاوپێکەوتنێکى تایبەتى لەگەڵ بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق ئەنجام دا، ئەو چاوپێکەوتنە، هێندەى من بزانم، دیارترین چاوپێکەوتنى ناوبراوە بۆ میدیاکان لە تەمەنى سەرۆکایەتییەکەیدا، بە تایبەتیش کە بەو شێوە ڕوون و ڕاشکاوە، وەڵامى پرسیار و بۆچوونەکانى کەناڵەکە، سەبارەت بە دۆسیە گرنگ و هەستیارەکانى ناوخۆیى و دەرەکیى، دەداتەوە. هەڵبەت هەر لە ڕێگەى بەندەشەوە، پێشتر و لە چەند کاتێکى جیاوازدا، وەکو ڕاوێژکارێکى بەڕێزیان، بەشێکى دیار لە میدیاکانى ئێران، تورکیا و فەرەنسا، ئەمە جگە لە ناوخۆییەکان، داواى چاوپێکەوتن و گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆک کۆمار کردووە، بەڵام نەڕەخساون و بۆیان ساز و جێبەجێ نەبووە.
ئەوەى بە لاى بەندەوە گرنگ و جێگەى بایەخ بوو لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەدا، خرانەڕووى بەشێکى زۆر لە بیرکردنەوەى سیاسی و دیدگاى سەرۆک کۆمارى ئێستاى عێراق بوو بۆ چۆنێتیى بەڕێوەبردنى وڵات و چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەى کێشە سیاسى و ئەمنى و ئابوورییەکانى وڵات، هەروەها شێوەى ئەو پەیوەندییە دەرەکى و نێودەوڵەتییانەى کە ناوبراو بۆ عێراق دەیان خوازێت.
وەکو سەرۆک کۆمارى عێراق، دەکەم، کە بۆ ماوەى زیاتر لە دوو ساڵە دەستبەکار بووە. ڕوانگەیەکیان پەیوەستە بەو ئەزموونە کردارییەى بۆ ماوەى نزیکەى دوو ساڵە، بەندە وەکو ڕاوێژکارى بەڕێزیان لە نزیکەوە گەڵاڵەم کردووە، ڕوانگەى دووەمیشیان پەیوەستە بەو لێدوان و بیرکردنەوە و پڕۆژە سیاسى و دەوڵەتییانەى لە وێستگە و قۆناغە جیاوازەکاندا، دەیان خاتە ڕوو.
ئێمە لە عێراق و کوردستانیشدا، کەسایەتی و دەستەبژێرى زۆرمان هەن، هەیانە سەرکردەیەکى سیاسی و حزبیى دیار و کاریگەرە، هەشیانە سەرکردەیەکى ڕۆشنبیر، یان ئەکادیمییەکى گەورەیە، هەشیانە خاوەنى ئەزموونى بەڕێوەبردنى بەشێک لە دامەزراوەکانى دەوڵەت، یان حکومەتە. بەڵام ئەوەى بەندە لە کەسایەتیى دکتۆر بەرهەم ساڵح و لە سەرۆکایەتییەکەیدا هەستم پێ کردووە، بە تایبەت لە دوو ساڵى ڕابردوودا، ناوبراو خاوەنى بەشێکى زۆر لەو خەسڵەتانەی سەرەوەیە، ئەو جگە لەوەى کەسایەتییەکى سیاسیی دیارى کوردستان و عێراقە، هاوکات خاوەنى ئەزموون و دیدگایەکى دەوڵەتدارییانەى فراوانە، پەیوەندییەکى ناوخۆیى و نێودەوڵەتیى بەرفراوانیشى هەیە، ئەمە جگە لەوەى خاوەن باکگراوەندێکى ڕۆشنبیریى هەمەجۆریشە. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر بە لاى بەندەوە، کاتێک ناوبراو دیدگاى خۆى بۆ گرفت و بابەتە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو، وەکو دەوڵەتدار قسە دەکات، نەک وەکو خاوەن پڕۆژەیەکى حزبیى، یان مەزهەبیى، یان نەتەوەیى بەرتەسک، حەز و نیازى خزمەتکردنى خەڵکى پێوە دیارە، جەخت لە ئیسڵاح، یان پەرەپێدانى سێکتەرە هەستیار و گرنگەکان بۆ باشتر بەڕێوەبردنى دەوڵەت دەکاتەوە. هەموو ئەوانەش بە لێدوان و وەڵامەکانیەوە دیار بوون، کاتێک بۆ کەناڵى "سکاى نیوزى عەرەبیى" دەدوا.
ڕەنگە خەڵکانێک پێیان سەیر بێت بەندە بەو شێوەیە لە کەسایەتیى دکتۆر بەرهەم دەڕوانم، بە تایبەتیش لەو پێگەیەى ئێستایاندا کە سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراقە، لەگەڵ بوونى جیاوازیى لە پاشخانى سیاسیى و فیکریى بەندە لەگەڵ بەڕێزیاندا، بەڵام ئەوەى گرنگە لێرەدا بوترێت، دوور لە هەر پیاهەڵدان و مەبەستێکى کەسیى، بەڵگە و نموونەکانن بۆ ئەو تێگەیشتنەى ئێمە لە بارەى بەڕێزیانەوە هەمانە، نەک مەبەستێکى دیکە. سەربارى هەموو ئەوانەى لێرەش دەیان خەینە ڕوو، بێگومان دکتۆر بەرهەم ساڵح، وەکو هەر کەسێکى دیکە، جا ئەو کەسانە بەرپرس بن یان هاووڵاتیى ئاسایى، بێ هەڵە و کەموکورتى و ڕەخنە نەبووە و نییە.
دکتۆر بەرهەم ساڵح لە ماوەى دوو ساڵ و زیاترى سەرۆکایەتییەکەیدا، وەکو من ئاگادارم، زۆرترین هەوڵ و هەنگاوەکانى بە ئاڕاستەى چەند بابەتێکى گرنگ ڕۆیشتوون، جا ئەنجامیان هەبووبێت یان نا؛ ئەوە شتێکى دیکەیە و بە تەنها ئەو لە شکست و جێبەجێنەبوونیان بەرپرسیار نابێت، بەشێک لەو هەوڵ و هەنگاوانەش نراون بۆ: (دروستکردنى سەروەریى خاک و دامەزراوەکانى دەوڵەت و پارێزگارییکردن لە سەربەخۆیى بڕیار و سیاسەتى دەرەکیى وڵات، هەوڵدانى سیستماتیک بۆ کەمکردنەوەى گەندەڵی، ئەنجامدانى پڕۆسەکانى ئاوەدانکردنەوە، ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و پێشوەخت، وەستان لە پشت ژمارەیەک یاساوە کە خزمەت بە چین و توێژە کەمدەست و ستەملێکراوەکانى عێراق دەکەن، بەستنەوەى عێراق بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە، پەیداکردنى پشتیوانى و گرنگیدانى نێودەوڵەتى بۆ شوێنەوارە دێرینەکانى عێراق، ڕاگەیاندنى هەڵمەتى نیشتمانیى بۆ کۆکردنەوەى کۆمەک و پێویستى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى کۆرۆنا، ملنەدان بۆ ئەو فشارانەى دەکران بۆ جێبەجێکردنى هەڵمەتى لەسێدارەدان بە ناوى یاساى تیرۆرەوە و هتد).
سەرۆک کۆمارى عێراق، ئەگەر چى دەسەڵاتە دەستوورییەکانى بەرفراوان نین و دەسەڵاتدارى یەکەمى دەسەڵاتى جێبەجێکردنى وڵات نییە، بەڵام ئەو هەوڵ و دەستکەوتانەى سەرەوەى بە چەند هۆکار و میکانیزمێک ئەنجام داون، ئەوانیش یان لە ڕێگەى ئامادەکردنى پڕۆژەیاساوە بوون، یان لە ڕێگەى سوودوەرگرتن لە پەیوەندیى و دۆستایەتییەکانى لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و گەورە بەرپرسەکانى دیکەى وڵات، یان لە ڕێگەى پەیوەندییە کەسى و نێودەوڵەتییەکانى بوون، یان بە پێى دەسەڵاتە دەستوورییەکانى خۆى بوون، یان بە دروستکردنى پەیوەندیى و دیدارى بەردەوامى بووە لەگەڵ دەستەبژێر و میدیاکار و دەنگە کاریگەرەکانى عێراق، تاوەکو تێگەیشتنى ئیجابییان بۆ کێشەکانى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان هەبێت و بەشدار بن لە کەمکردنەوەى ناحەزیى و فشارى سیاسیى بۆ سەر مافەکانى کورد.
دیارترین کارێکیش دکتۆر بەرهەم ساڵح لە پێگەى سەرۆکایەتییەکەیدا کردبێتى تایبەت بە کورد و ماف و شایستە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان، چەند خاڵێکى گرنگ بوون:
یەکەمیان: بریتیى بووە لە بەکارهێنانى دەسەڵات و پەیوەندییەکانى خۆى بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێلکردنى زیاترى مافەکانى کورد لە لایەن بەشێک لە هێزە دەستڕۆیشتووەکانى عێراقەوە، یان بۆ دەستەبەرکردنى مافى زیاتر بۆ هەرێمى کوردستان.
دووەم: کۆکردنەوە و بەیەکگەیاندنى بەردەوامى هەموو نوێنەر و لایەنە کوردییەکان لە بەغدا لە ماڵەکەى خۆى لە لایەک و ڕەخساندنى دەرفەتى کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لە نێوان شاندى هەردوو حکومەتى هەرێم و حکومەتى ناوەند لە لایەکى دیکە. هەموو ئەوانەش لە پێناو سفرکردنەوەى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و دابینکردنى ماف و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان بوون.
سێیەم: ڕاسپاردنى لیژنەى جیاجیاى پێکهاتوو لە ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتارى کورد لە بەغدا، بە مەبەستى بەدواداچوون بۆ کێشەکانى تایبەت بە ناوچەکانى ماددەى (140) و چۆنێتیى چارەسەرکردنیان بە بێدەنگى و دوور لە ژاوەژاوى سیاسى و ئیستیفزازکردنى لایەن و پێکهاتەکانى دیکە.
چوارەم: لە هەمووشى گرنگتر؛ جەختکردنەوەى بەردەوامى بووە لە دەسەڵاتدارانى هەرێم، بەوەى دوور بکەونەوە لە گەندەڵى و قاچاخچێتى و خراپبەڕێوەبردنى هەرێم، خۆم شایەتحاڵى بەشێک لەو ئاگادارکردنەوانەى بووم بۆ بەرپرسانى هەرێم، ئەوەشى لە پێناو دابینکردنى مووچە و شایستەکانى خەڵکى هەرێم پێ ڕاگەیاندوون.
ئەوەى ماوەتەوە بیڵێین؛ گرفت و ئاستەنگەکانى بەردەم هەوڵەکانى سەرۆک کۆمار بوون، کە بە داخەوە ڕێگرى گەورە بوون لە بەردەم بەشێک لە هەوڵ و هەنگاو و پڕۆژەکانى ناوبراو بۆ پەرەپێدانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر هەردوو ئاستى حکومەت و دەوڵەت. یەک لەو ئاستەنگانەش پەیوەندیى بە دۆخى ناوخۆیى ئاڵۆزى عێراق و بوونى هێز و میلیشاى گەورەى خاوەن وەلائى دەرەکى و دەستوەردانەوە هەیە لە کاروبارى دەوڵەت و حکومەت. ئاستەنگێکى دیکەشیان پەیوەندیى بە هەرێمى کوردستان و بەشێک لەو هێزە دەسەڵاتدارانەوە هەیە، کە بە هۆى قۆرخکاریى و ناشەفافیەت و خراپبەڕێوەبردنەوە، بە شێوەیەکى ئاسان مل بۆ مافەکانى خەڵک و سفرکردنەوەى کێشەکان لەگەڵ بەغدا نادەن.
دیدگا و ئەزموون و پڕۆژەکانى بەرهەم ساڵح بۆ پەرەپێدانى دەوڵەت و حکومەت چ لە عێراق و چ لە هەرێمى کوردستانیش، پێویستیان بە پشتیوانیى دەسەڵاتدار و هێزە باڵادەست و بنەماڵە حوکمڕانەکان هەیە. ئەگەر ئەو هێز و بنەماڵانە مەبەستیانە ئیسڵاح و گۆڕانکاریى و پەرەپێدان و حکومەتداریى بکەن، ئەوا پێویستە کەمێکیش لێگەڕێن بۆ بەرهەم ساڵح و پڕۆژە و دیدگاکانى!/.
تێبينيێك بنێرە: