دادگای فیدراڵی لە دژی سەدر بڕیاریدا
(0) /
دادگای فیدراڵیی عێراق داواکەی ڕەوتی سەدری بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە ڕەتکردەوە.
دادگای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 7 ی ئەیلولی 2022 لە بەیاننامەیەکدا داواکەی ڕەوتی سەدری بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان لە ڕیزی دەسەڵاتەکانی ئەم دامەزراوەیەدا نییە.
لە بەیاننامەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقدا هاتووە: ئەندامانی پەەرلەمان پاش هەڵبژاردنیان تەنیا نوێنەرایەتی خۆیان و لایەنە سیاسییەکەیان ناکەن، بەڵکوو ئەوان نوێنەری گەلن، هەر بۆیە پێویستە هەوڵی مسۆگەربوونی ئەوە بدەن کە بۆی هەڵبژێردراون یان بە واتایەکی دیکە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلدا هەنگاو بنێن و نە ئەوەی کە ببنە یەکێک لە بەربەستەکانی بەرژەوەندی گەل و هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی ئەوان.
دادگای فیدراڵیی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەقامگیری پرۆسەی سیاسی پێویستی بە پابەندبوونە بە دەستوور و ڕایگەیاندووە کە دەستووری ساڵی 2005 ی عێراق میکانیزمەکانی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی بە پێی مادەی 64 دیاریکردووە، دەسەڵاتەکانی دادگای فیدراڵی بە پێی مادەی 93 ی دەستوور و هەروەها مادەی 4 ی یاسای دادگای فیدراڵی ڕوونە و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان لە ڕیزی ئەم دەسەڵاتانەدا نییە.
پێشتر موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر وەک دەستێوەردانێک داوای لە دادگای فیدراڵی عێراق کردبوو لە ماوەی یەک هەفتەدا خولی ئێستای پەرلەمانی ئەم وڵاتە هەڵبوەشێنێتەوە./.
تێبينيێك بنێرە: