ئەڵێی نە بایان دیوە و نە بۆران
(0) /
كەس نیە حەز نەكات پارتی و یەكێتی تەبا بن و هەر هیچ نەبێت بریسكی شەرٍ و ئاشوبیان تەنها بۆ خۆیان بێت و بەر ئەم گەلە بەستەزمانە نەكەوێت، ،كە و نابێت شەرٍ و خێریان بەر هەمووان دەكەوێت. بەڵێ كە بەخۆیان خەریكی پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیانن و وەك ئەوەیە كەسی تر هیچ پەیوەندیەكی بەوانەوە نەبێت، كەسیان لەبیر نیە ، خەڵكەكە وەرٍس بوون و دەڵێن بۆ خۆیان چیی دەكەن بیكەن بەڵام هەر هیچ نەبێت زیانی گەورەیان بۆ هەموان نەبێت و خەڵك توشی نائومێدی گەورە نەكەن و ناكۆكیەكانیان نەگاتە ئەوەی ئێسكی یەكبشكێنن و بە یەكجاری ببنە داردەستی ئەم و ئەو و وەكو باباكوشتەی یەكدی و بێ هێشتنەوەی هیچ هێڵێكی گەرٍانەوە بۆ دوای ناكۆكی و دوژمنایەتی، روویان بێت بەیەكەوە دانیشن و بۆ كاتی ئاشتیان قرتێك روو سووری بۆخۆیان بهێڵنەوە و شەرمەزاری دایكانی شەهیدان نەبن.
ئەوەی لەم دوو حزبە بینراوە، هەمیشە لە ناكۆكیەكاندا دەیگەیەننە مریشكە رەشە و لە ئاشتی و نزیكبونەوەیاندا ئەوەندە بە رووكەش تەبا و برا و دڵسۆزی یەكن، بەڵام هەمووان دەزانن كە نزیكبونەوەكەیان فشەڵە و بە جوڵەیەك دۆ و دۆشاو دووبارە تێكەڵدەكەنەوە،لەوێشدا تەنها زەرەرمەند دیسان هەر ئەم گەلە ستەمدیدەیە كە بەدەست ئەمانەوە وا دەناڵێنیتهیچ ئاواتی بە كاری چاكەی كەس نامێنێت و بۆ قوتاربوون تەنانەت دەگاتە ئەوەی ئاواتەخواز بێت لایەنی دەرەكی و بە تایبەتی ناوەندی عیراق فریای بكەوێت و خەڵك رزگاری بێت لەم بە ناو سیاسەتەتركەڵەكەی ئەمان.
ئەوەی راستی بێت، ئەگەر گەلی كوردستان هۆشیاریەكی سیاسیی باشی هەبێت، نە بە ناكۆكی و نەش بە دۆستایەتی ئەمانە باوەرٍناكات و تەنانەت ئەوەیان نەهێشتۆتەوە كە بروا بەوە بكەیتتەنانەت ئەمانە بەخۆیان بەراستی بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەپارێزن و باش لەوە تێگەیشتوون كە نە دۆستایەتی و نە دوژمنایەتیان بەردەوام نیە بەڵكو سیاسەتەكەیان لەسەر بەردەوامیی بەرژەوەندی خۆیان بەرٍێوەدەبەن. ئەمەش وایكردووە كە هیچ كەسێك ئەوەندە متمانەیان پێ نەكات و باوەرٍ بە دۆستایەتی و دوژمنایەتی ئەمانە نەبێت و ململاینێیان وەكو ناكۆكی مناڵان لەسەر ماڵەباجێنە بێت. بۆیە لە كاتی پێكەوەییاندا، هەموان چاوەرٍێی لە ئان و سات و كتوپرٍ تێكچوونی قۆناغی تەباییاندان و چاكبونەوەیناكۆكیەكانیان تەنها بە كارێكی كارتۆنی بێ بنەمای كاتی دەبینن. بۆیە گەر بەرواردی وەزعی سیاسی ئەم حزبانە و بارودۆخی كوردستان بكەیت، هاوشێوەی ئەمانە لە هیچ شوێنێكی دونیادا نابینیت و تەنانەت حزبایەتی و سەركردایەتی و بنكردایەتیشیان سەرلێشێواوانە دەحوڵێنەوە و كەس لە كەس نیە، جگە لەوەی بیر لەدابینكردنی ژیان و گوزەرانی كادر و ئەندامانی خۆیان و ئیمتیازات و پۆست و پارەی خۆیان نەبێت حسابی تورێكی قورٍاوی بۆ ژیانی خەڵك ناكەن. بە واتای راستەقینەی هەڵسەنگاندنیان، ئەمانە بە تەواوی لە خەڵك دابرٍاون .
بۆیە دەكرێت بپرسین، ئەم هەموو ناكۆكی و دوژمنایەتیەی ئەم ماویە درێژەی پێشوو كە ئەوان بەو كێشانە لە خەڵك دابرٍان، لەسەر چی بوو و چۆن لە كتوپرێكیدا چارەسەر كرا وئاستەنگ و تەگەرە و رێگری نزیكبونەوەیان چیبوو وچۆن وا دەستودەم ئەوەندە خێرا چارەی كێشەكانیان دۆزیەوە و گەیشتنە تەبایی و موو ناچێتە بەینیانەوە وخوا یار بێت شیلەی دەمی یەكدی دەمژنەوە. ئێ دەباشە وەرن هۆكاری راستەقینەی ناكۆكیەكانیان بۆ خەڵك روونكەنەوە، چی بوون كە ئەوەندە وا بەو خێرایی و ساكاریە چارەسەر كران و توانیتان بە رۆژێك و فتوایەك هەموو كێشەكان یەكلایی بكەنەوە و ئەوەندە برای یەكتر بن وەكو ئەوەی لەم ماوەی پێشوودا نەبایان دیبێت و نە بۆران، چۆن ئەو گرفتانە ئەوەندە سوك و كەم بوون لە رۆژێكدا چارەسەرتان كردن ، یانكە وابوو بۆچی ناكۆكیەنتان ئەوەندە درێژەی كێشا و خەڵكتان خستە ترس و دڵە راوكێوە ؟ هەروەها دەپرسین ئەگەر كێشەی قورستان نەبوو و هۆكارەكان سیاسی و ئاسایی و ئاسان بوون، بۆچی هێشتتان ئەوەندە درێژە بكێشت و شمشێر لە یەك بسوون و دەردانی رەفتارەكانی ئەم ماوەی پێشووتان زیانی گەورە بەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە بدات.
باشە مەعقولە ئێستا دەڵێیتئەم دوو حزبە وەكو یەك حزب كار دەكەن و مەسەلەكان بە خێرایی و بە قاقای پێكەنینێك یەكلایی دەكەنەوە، ئەی بۆچی پێشتر واتان نەكرد، هەرچەند خەڵك ئاواتەخوازە بەردەوام بن لەسەر ئەم تەباییە فشەڵەتان بەڵام متمانەیان بە بەردەوامیی برایەتی و تەباییتان نیە، بۆیە ئێوەن واتان كردوە كە هەمیشە هەمووان لە نیگەرانی و دڵەرٍاوكی و خەم و خەفەتدا بژین.باشە دەپرسین ئەو هەموو كاتەی كە تۆران و بایكۆتی حكومەتەكەی خۆتان تێكەوت و تەنانەت بۆ دژایەتی یەكدی پەناتان بۆ بەغدا و دەوروبەریش برت، ئەی ئەو عەسا سیحریەی چارەسەرەكە لە كوێ بوو و چی بوو و چۆن هاتە ئاراوە، بە فاڵ دروستانكرد یان جادوو، كە تەنها لە دانیشتنێكدا بڵێن لێك تێگەیشتنی گەورەتان لەگەڵ یەكتردا هەیە، یان وا نیە، تێگەیشتن بە ئانوساتێك دروست نابێت، یان خەریكی نواندن بوون و ناكۆكیتان نەبووە و تەنها فێلتان لەم گەلە كردووە و یەكتربرٍی بەرژەوەندیەكانتانی تێكەوتووە و بەس و هیچیتر. مەعقولە ئێوە ئەوەندە و بەو شێوەیە سۆزی خەڵكی بجوڵێنن و یاری بە هەست و نەستیان بكەن و كەسیش نەڵێت سەری چاوتان برۆیەو سیاسەتەكەتان وەكو گاڵتەجاری بەرێبكەن، بەسە تۆزێك بەزەییتان بەو میلەتە ستەم دیدەیە بێتەوە، دەک خوا بتانگرێت.
عیماد عەلی
تێبينيێك بنێرە: