لە سەر پیلانێکی ئەمریکا لە سێگۆشەی سنوریی عێراق، سوریا و تورکیا هۆشداری دەدرێت

(0) / / ئاسیا / پەکەکە


Apr 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

شارەزایانی کاروباری ئەمنی عێراق سەبارەت بە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لە سێگۆشەی سنوریی ئەم وڵاتە لە گەڵ سوریا و تورکیا هۆشدارییان داوە و ئامانجی پیلانگێڕییەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە واشنتن بە هەر شێوازێک هەوڵی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق دەدات.

محەممەد شەبەکی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند کە لایەنێکی کوردی و ئەمریکا پلانی ئەوەیان داڕشتووە کە بە سەر شەنگالدا زاڵ بن و ئەمەش هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی تیرۆریستان و بەهێزبوونی پێگەی ئەوان لە سێگۆشەی سنوریی عێراق، سوریا و تورکیا.

ناوبراو بە ئاژانسی مەعلومەی ڕاگەیاند کە هەوڵی گەڕانەوەی هێزە کوردییەکان بۆ شەنگال و زاڵبوونیان بە سەر ناوچەکە بە بیانووی پەکەکە، بەشێکە لەو پیلانەی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سێگۆشەی سنوریی عێراق، سوریا و تورکیا.

شەبەکی وتی کە دانیشتووانی شەنگال هەر ڕێکەوتنێک بە پێچەوانەی خواستی خۆیان ڕەتدەکەنەوە و ئەگەر ئەمریکا بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێت دەرفەتی گەڕانەوەی تیرۆریستان دابین دەکرێت.

وتیشی کە ئەمریکا لەم ڕێگایەوە هەوڵ دەدات بەردەوام کارتی تیرۆریستان لە دژی عێراق بەکار بێنێت.

لە لایەکی دیکەوە عەلی وائیلی شارەزای کاروباری ئەمنی عێراق ئاشکرای کرد کە ئەمریکا بە هەموو هێزێکەوە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق بۆ مانەوەی هێزەکانی لەم وڵاتە جێبەجێ دەکات.

ناوبراو وتی: پاڵپشتی ئەمریکا لە تیرۆریستانی داعش بە سەدان جار ڕوونکرایەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنییان کردووە بەڵام ئەمریکا دیسانەوە بۆ تێکدانی دۆخەکە هەوڵی چالاککردنەوەی تیرۆریستان دەدات.

وائیلی وتی کە ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە کەڵک لە سەرکردەکانی داعش بە تایبەت لە کەمپی هۆل وەردەگرێت.

وتیشی کە ئەمریکا سەرکردەکانی داعش لە بنکە سەربازییەکانی لە سوریا و عێراق دەهێڵیتەوە تا کردەوە تیرۆریستییەکان بەردەوام بێت و ئامانجەکەی واشنتن بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق مسۆگەر بکرێت./.