سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەفدێکی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکات
(0) /
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە وەفدێکی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان .
لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 28-5-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، بەڕێز سەرۆك کۆمار وێڕای بەخێرهێنانی ئەندامانی وەفدەکە ، جەختیکردەوە کە سەردانەکەیان بۆ بەغداد گرنگە، هەروەها ئاماژەی کرد بە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی خەرجکردنی موچە لە هەرێمی کوردستاندا، دوپاتیشیکردەوە کە پێویستە گرژییە سیاسییەکان کاریگەرییان نەبێت لەسەر بژێوی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەم توێژە گرنگە لە کۆمەڵگەدا، ئەویش بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، سەرەڕای دەستەبەرکردنی مافی کارمەندان و مامۆستایانی پەروەردە و فێرکردن، لەنێویاندا مامۆستایانی وانەبێژ لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی دابەشکردنی سامان لەنێوان عێراقییەکاندا .
هەروەها لە دیدارەکەدا تیشکخرایەسەر ڕۆڵی پێشەنگانەی مامۆستا لە پەروەردەکردنی نەوەکان و باشترکردنی پرۆگرامی خوێندن، بە شێوەیەك کە ئاسایش و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕ و ئایینەکان لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا گەشەپێبدات.
لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆك کۆماریان بەرزنرخاند بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان و پشتیوانی بەردەوامی بۆ مامۆستایانی کوردستان .
هەروەها وەفدەکە واقیعی پەروەردە و فێرکردن و ئەو کێشانەیان باس کرد کە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندن و ئەو چارەسەرانەشیان خستەڕو، کە پێشنیارکراون بۆ چارەسەرکردنیان.
تێبينيێك بنێرە: