مەسرور بارزانی: لەپێناو پەرەپێدانی شەفافیەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کاری جیددیمان کردووە و رێکاری پێویستمان گرتۆتەبەر

(0) / / كوردستان / ڕوانگە مەسرور بارزانی کوردستان


Sep 04, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی جاڕدانی یەکەم راپۆرتی جێبەجێکردنی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:"کاری جیدیمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووە و لە چەند ساڵی رابردووشدا لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە چەندین کەیسی تایبەت بە گەندەڵی کراون و رەوانەی دادگاکان کراون.

وتیشی:" روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. بۆیە کاری جیددیمان کردووە و رێکاری پێویستمان گرتەبەر لەپێناو پەرەپێدانی شەفافیەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

مەسرور بارزانی، ڕونیشیکردەوە:" هەرچەندە بەشێک لە گرفتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرنامەی چاکسازی، "دەستتێوەردان و رۆڵی لایەنە سیاسییەکان بووە، کە نەک هاوکار نەبوون، بەڵکو هەندێک لایەن دژایەتیی سیستماتیکی هەوڵەکانی حکومەتەیان کردووە. هاوکات دڵنیایی دایە خەڵک لەوەی، سەرەڕای هەموو کێشە و ئاستەنگ و قەیرانەکان، "ئێمە بە گوڕ و تین و ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە، بەردەوام دەبین لەسەر درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتن و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.