ئەکرەم ساڵەح: ئەم هەڵبژاردنە جۆرێک لە ململانێ و ڕکابەری زیاتر بەخۆوە دەبینێ
(0) /
ڕوانگە - ئەکرەم ساڵەح: هەڵبژاردنی ئەمجارە، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، هەروەها کاریگەری زۆریشی دەبێت لەسەر پێگەی کورد لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی
هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هاوڵاتیانیش بە چاوێکی زۆر جیاوازەوە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان، دەڕوانن و بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانیش، ڕایدەگەیەنێت:" ئەمجارە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و ژمارەی کورسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بۆیە ئەم هەڵبژاردنە جۆرێک لە ململانێ و ڕکابەری زیاتر بەخۆوە دەبینێ."
ئەکرەم ساڵەح، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" جیاوازی و گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە، لە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢، یەکەمین جارە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە و پەڕلەمانی نابێت و لە بۆشاییەکی یاسایدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، لە لایەکی دیکەوە کێبڕکێ لەم هەڵبژاردنەدا جیاوازترە لە هەڵبژاردنەکانی دیکه و ژمارەی ئەو لیستانەی کە بەشداری دەکەن زۆرترە."
وتیشی:" ئەمجارە شێوازی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و ژمارەی کورسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بۆیە ئەم هەڵبژاردنە جۆرێک لە ململانێ و ڕکابەری زیاتر بەخۆوە دەبینێ، هەروەها زۆریش گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئەو بۆشاییە یاساییە تێپەڕێنێ و پەڕلەمانێکی کارای هەبێت کە بتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات."
ڕونیشیکردەوە:" بێگومانین لەوەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان و بونی پەڕلەمانێک کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات و لە پرۆسەیەکی دیموکراسی پاک و بێگەردا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، کاریگەری زۆری دەبێت لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، هەروەها کاریگەری زۆریشی دەبێت لەسەر پێگەی کورد لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی."
ئاشکرایشیکرد:" کە ئەمجارە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا زۆر زیاتر دەبێت بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە، هەر بەوپێیەی کە زیاتر ٨٠٪ خەڵک بایۆمەتری ئەنجامداوە، هەروەها لە هەمانکاتدا خەڵکیش هەست بەوەدەکات کە گرنگە پێگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی یاسای و شەرعییەوە بپارێزرێت، هەروەها لە هەمانکاتیشدا خەڵک پێویستی بەوەیە کە دەزگایەکی شەرعی هەبێت کە ڕووی تێبکات لەڕووی یاساییەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتە یاساییەکانیانی هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لەوەی ڕکابەری و زۆری لیستەکان لەم هەڵبژاردنە وادەکات بەشداری خەڵک زیاتربێت بۆیە من پێموایە ئەمجارە ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاتر دەبێت."
تێبينيێك بنێرە: