دەوری مام جەلال لە کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسۆنی عێراق، لایەنە کوردستانییەکان و خاوکردنەوەی گرژی نێوان  ئەمەریکا و ئێران

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە سەعدی ئەحمەد پیرە مام جەلال


Oct 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، سەعدی ئەحەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕایگەیاند:" ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر وەفاتی شکۆی نەتەوە، جەنابی مام جەلال، سەرک کۆماری پێشوی عێراق، هەروەها سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، مام جەلالی پێشمەرگە و ڕۆژنامەنوس و دیپلۆمات، بە درێژای شەش دەیە کاری سیاسی و کاری پێشمەرگایەتی ئەو بۆ ئەوەبوو کە پرسی کورد ببات بەرەو کەنارێکی ئارام."

وتیشی:" مام جەلال ڕۆڵی هەبوو لە کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسۆنی عێراق، لە چوارچێوەیەکدا و  لەسەرەتای نەوەتەکانەوە و کۆکردنەوەی لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان پاش ئەو هەموو بەرز و نزمیەیی کە لە پەیوەندییەکاندا هەبوو لەیەک بەرەی یەکگرتوو، مام جەلال بوو بە هەوێنی دروستکردنی هێزێکی گەورە وەکو بەدیل بۆ نیزامی"صدام حسین" دوای ڕوخاندنی ڕژێم وە ڕۆڵی لە ڕوخاندنی ئەو ڕژێمەدا هەبوو."

سەعدی ئەحمەد پیرە، ڕونیشیکردەوە:" مام جەلال پێیوابوو پرسی عێراق، پرسی دیموکراسیە، پرسی سیتەمێکی سیاسییە کە بگونجێ لەگەڵ وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەکو عێراق، ئەویش سیتەمی فیدراڵیە، وە جەنابی مام جەلال پەیوەندی وڵاتانی دەوروبەری لەگەڵ عێراق هەمیشە بەگرنگ دەزانی، پیوابوو عێراق پێویستە لەدوای ١٩٩١ ەوە، کاربۆ ئەوە بکات چی دیکە عێراق نەبێتە فاکتەری نائارامی لە ناوچەکەدا و نەبێتە فاکتەری هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو ببێتە فاکتەری پێکەوەبوون و یەکڕیزی ودابینکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، لە هەمانکاتیشدا عێراق سیاسەتێکی کراوەی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا و گەیاندنی کوردستان بەم قۆناغەی ئێستا، بەتایبەت لەم ماوانەی دوایدا کە ئەو لە بەغدا بوو، لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بوو، ئەگەرچی جاروبار جیاوازی لەبیروڕا هەبوایە، بەڵام مام جەلال بە توانا و لێهاتووەکانی خۆی بە پەیوەندییە ئیقلیمی و ناوخۆیەکانی خۆی  لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان ئەو کێشانەی زۆر بەئاسانی چارەسەردەکرد."

سەعدی ئەحمەد پیرە،وتەبێژی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشکرد:" کاریزمای مام جەلال و کەسایەتی ئەو سەرکردە کەسایەتییەکی کوردستانی وەکو پێشمەرگە  و ڕوناکبیر و دیپلۆماتو سیاسەتمەدار، کەسایەتییەکی عێراقی وەکو پیاوێکی نیشتیمانی و نەتەوەی و کەسایەتییەکی ئیقلیمی وەکو فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ ئارامی لە ناوچەکەدا وە لە چوارچێوەی بزوتنەوەی سۆشیال ئەنتەر ناسیۆنال لەناو حیزبە سۆسیالیستەکانی دونیاش وەکو جێگری سەرۆک هەمیشە بۆ پرسە نێونەتەوەییەکان بۆچوونەکانی قبوڵکراوبوو وە بەشداری دەکرد لە زۆر کێشەی نێودەوڵەتیش."

سەعدی ئەحمەد پیرە،وتەبێژی یەکێتی، ڕونیشیکردەوە:"تا مام جەلال و ڕێبازەکەی مابێت دڵنیای دەکەین لەوەی ئارام ئارام بنوێ لە گۆڕدا، یەکێتیەکەی مام جەلال و هەرێمەکەی لەڕێگەی هاوسەنگەرەکانی لە دەستێکی ئەمیندایە."

وتەبێژییەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو:" نەئێمە وەک یەکێتی، بەڵکو هەموو لایەک هەست بەوڕاستیە دەکەن کە پەیوەندییەکانی هەرێم عێراق پێشوتر نەدەگەیشتە ئەو ئاستەی ئێستا و نەیدەهێشت سەنگەربەند و کێشەی گەورە ڕووبدات، مام جەلال هەرزوو چارەسەری دەکرد بۆیە من پێموایە نەک بەتەنها یەکێتی ، بەڵکو هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دان بەوەدا دەنێن کە مام جەلال بۆشاییەکی گەورەی بەجێ هێشت لە کاتێکی زۆر هەستیاردا و هەموو لایەنە ئیقلیمیەکان هەست بەوەدەکەن دەوری مام جەلال و چالاکییەکانی و کەسایەتی مام جەلال تەنانەت هەندێکجار لە خاوکردنەوەی  گرژی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران یشدا دەوری هەبووە."