دەمانەوێت حکومەتێکی بەهێزمان هەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پیلانی ناحەزان ببێتەوە

(0) / / هەڵبژاردن / ڕوانگە پارتی حسێن کەلاری


Oct 07, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - کۆی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانە وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بە گرنگییەوە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی  پەڕلەمانی کوردستان دەڕوانن و هەمووان چاویان لەسەر دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەیە و بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت:"هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگە، چونکە ئێمە دەمانەوێت بۆ داهاتوو، حکومەتێکی بەهێزتر دابمەزرێنین کە بتوانێت ئارامی و ئاسایشێکی زیاتر لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دابین بکات.

لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، حسێن کەلاری، بەرپرسی میحوەری کەلاری پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند:" بابەتی هەڵبژاردن بابەتێکی ئەساسیە لە هەموو کۆمەڵگایەکی دیموکراسیدا و کۆڵەکەی ئەساسیە لە سیستەمە دیموکراسیەکاندا، بە پێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩١ ی بەرەی کوردستانی کە بڕیاردراوە چوار ساڵ جارێک هەبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکی بابەتییەوە چەند خولێک هەڵبژاردنی ماوە یاسایەکەی خۆی تێپەڕاندووە و حکومەت پەنای بردۆتە بەر درێژکردنەوەی خولەکانی پەڕلەمان، "

لە بارەی گرنگی و جیاوازی  هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستانەوە وتی:" جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و وڵاتانی دەوروبەری گرتۆتەوە، ئەویش بریتیە لە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و لوبنان و بەرپابونی ئەو ئاگرە تۆقێنەرەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە هەڵبژاردن ئەرکە و واڕێکەوتووە کە لەم کاتەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام خۆشبەختانە یاسای هەڵبژاردن ئەوەی کە لە ڕێگای دادگای فیدراڵی عێراقەوە بڕیاری لەسەر دراوە کە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بڕیارەکەش لە ٢٠ ی  ئەم مانگە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگە، چونکە ئێمە دەمانەوێت بۆ داهاتوو، حکومەتێکی بەهێزتر دابمەزرێنین کە بتوانێت ئارامی و ئاسایشێکی زیاتر لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دابین بکات بۆئەوەی هاوڵاتیانی ئێمە لە سەر و ماڵی خۆی دڵنیابێت، چونکە ئەگەر ئێمە ئەمنێت و ئاسایشێکی وامان هەبێت ئەوکات دەست دەکەینە خزمەتکردنی هەموو ناوچەکانی کوردستان بەبێ جیاواز، هەروەها دەمانەوێت حکومەتێکی بەهێزمان هەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پیلانی ناحەزان و داگیرکەران ببێتەوە و چیدیکە خەڵک نەتوانێت چاوی تەماح ببڕێتە داگیرکردنی خاکی کوردستان و خەڵکێک لە ناوخۆدا نەتوانێت ببێتە چاوساخ بۆ ئەوەی داگیرکەران بێنە ناوخاکی هەرێمی کوردستان، هەروەها بتوانین لە زاخۆ تاوەکو خانەقین بەبێ فەرق و جیاوازی خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین."

حسێن کەلاری، ڕونیشیکردەوە:"  دروستکردنی  کابینەیەکی بەهێز کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت و  دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی  هیچ کەس و لایەنێک سەربەخۆ نەتوانێت بڕواتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کۆببێتەوە و کار لەسەر لاوازکردنی پێگەی هەرێم بکات، بە پێچەوانەوە ئەم کابینە دەبێتە هۆکار بۆئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتربێت لە جاران و داکۆکیکار دەبێت لەسەر ئەو مافانەی کە لە دەستوری عێراق دیاریکراوە و هەوڵاتیانی عێراق بەگشتی دەنگیان لەسەرداوە، بۆیە دەبێت لەڕێگەی ئەم کابینەوە کاربکەین بۆئەوەی هەموو ئەو مافانە جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت ماددەی ١٤٠ ی دەستوور و ڕێژەی پشکی کورد لەوەزارەتی بەرگری و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکە، هەروەها بەهێزبوونی ئەم کابینەیە دەبێتە هۆکارێک بۆئەوەی چیدیکە بەغدا بەئارەزووی خۆی مافەکانمان پێشێل نەکات."

حسێن کەلاری، بەرپرسی میحوەری کەلاری پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لەوەشکرد:" کە پرۆسەی دیموکراسی خۆی لە هەڵبژاردندا ببینێتەوە واتا بە دەنگی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان پەڕلەمان دادەمەزرێت، دواتر لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە یاسایەکان حکومەت متمانەی پێدەدرێت، بۆیە ئەمە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات، خەڵکی ئێمە بەشداریکردنیان هەم ئەرکە و هەمیش مافە، ئەرکیان ئەوەیە دەنگبدن و مافەکەشیان ئەوەیە نوێنەری دڵخوازی خۆیان بنێرنە پەڕلەمان تابتوانێت داکۆکی کاربێت  لە مافی هاوڵاتیان، واتا ئەگەر هاوڵاتیا بە ژمارەیەکی زیاترەوە بەشداریبکەن ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزی پەڕلەمان و حکومەتی داهاتوو."