‌سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات

(0) / / هەڵبژاردن / ڕوانگە عێراق ئێران


Oct 13, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدی یاوەری، کە بەڕێزان د.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و محەمەد کازم سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق ئامادەبون.

لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 13-10-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاووتوێکران.
بەڕێز سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە بایەخی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە پشتبەستن بە پەیوەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان، کە هەردوو وڵاتی دراوسێ کۆدەکەنەوە ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی دۆست و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە پێویستە دەستبەجێ کاربکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی بۆسەر لوبنان و وەستاندنی بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دژبە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و رێگرتن لە هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی ململانێ لەناوچەکەدا.
بەڕێزیان رونیشیکردەوە، بەردەوامی شەڕی غەززە و لوبنان هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی بەرقەرارکردنی ئارامی و پەرۆشی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەڕێگەی دیپلۆماسی، هەروەها بۆ دورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسی پەرەسەندنی رەوشەکە. هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، کە عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە ناوەندی دەستدرێژی دژبە وڵاتانی دراوسێ، هەروەها رەتیدەکاتەوە هەر پێشێلکارییەك یاخود دەستدرێژییەك بکرێتەسەر شار و گوندەکانی.
لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران دیدگای وڵاتەکەی لەبارەی رەوش و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرۆشییان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی خستەڕو. جەختیشیکردەوە، کە دەستدرێژی بۆسەر لوبنان و غەززە پێشێلکردنی یاساکان و عورفە نێودەوڵەتییەکانە.