بەهۆی بەڕێوەچونی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تائێستا زیاتر لە ٥٠ سکاڵا و سەرپێچی تۆمارکراوە

(0) / / هەڵبژاردن / ڕوانگە هەڵبژاردن کوردستان عەقید عەلی جەمال قدووری


Oct 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بەپێی بڕیارێکی کۆمیسۆن ڕۆژی ٢٠٢٤/٩/٢٥ وەک یەکەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان دیاریکرا و شەوی سێشەممەش کاتژمێر ١٢ شەو  وەک دواین کات بۆ ڕاگرتنی  باگەشەی هەڵبژاردن دیاریکرا، لەو ماوەیەدا سەرجەم هێز و لایەنەسیاسیەکان و لیست و قەوارە و کاندیدە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشی هەڵبژاردن کرد و وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت:"لەم ماوەیەدا  بەهۆی بانگەشەوە هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک ڕووینەدا کە بگات بەوەی ڕووداوێکی کارەساتباری لێ بکەوێتەوە.

عەقید عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" لە گەرمیان بانگەشەیەکی زۆر هێمن بەڕێوەچوو، بەجۆرێک کە دەتوانین بڵێین تاوەکوئێستا بانگەشەی وەها هێمن و بێگرفت لە گەرمیاندا بەڕێوەنەچووە.

وتیشی:" لەم ماوەیەدا  بەهۆی بانگەشەوە هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک ڕووینەدا کە بگات بەوەی ڕووداوێکی کارەساتباری لێ بکەوێتەوە.

لای خۆشیەوە، نەوزاد ساڵەح، ڕاوێژکاری پێشووی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، باسی لەوەکرد:" بەپشت بەستن بە بارگراوەندی هەڵبژاردن کە لە هەرێمی کوردستاندا پێنج خولی هەڵبژاردن لەماوەی پێشوودا بەڕێوەچووە وە یەکەم هەڵبژاردن لە ١٩٩٢/٥/١٩ ئەنجامدراوە وە چەند خولێکی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقیش بەهەمان شێوە هەرێمی کوردستان کاندیدی هەبوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداربووە، بەپێی ئەو بارگراوندانەی کە هەمانە دەبوو هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان  هێمنتربوایە وە شارستانیانەتر بوایە

وتیشی:" بەداخەوە هەندێک وتاری پۆپۆلیستی و دوکانی سیاسیمان دەبینی کە بۆ گەرمکردنی بازاڕی خۆیان چەندین ناو و ناتۆرە و چەندین ناوزڕاندن و بەریەککەوتن هەبوو کە ئێمە وەک شارەزای بواری هەڵبژاردن ڕازی نەبوین لە بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە

نەوزاد ساڵەح، ڕونیشیکردەوە:" دەبوو هەڵمەتێکی زۆر شارستانیانەتر بەڕێوەبچوایە و دەنگدەر بەوجۆرە بێزارنەکرایە و شەقامەکان ئەوەندە بەکارنەهێنرایە.

نەوزاد ساڵەح، ڕاوێژکاری پێشووی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشکرد:" بەریەککەوتنی کاندید و پارت و قەوارەکان شتێکی ئاساییە، بەڵام هەمووان دەزانین کە بانگەشە گەیشتە هێڵی سورو ناوزڕاندن ئیدی ئەوە سزای یاسایی لەسەرە و وە کۆمیسۆن تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٠ سەرپێچی تۆمارکردووە وە زیاتر لە ٢٥ سکاڵاش تۆمارکراوە کە  ئێمە بەپێی ئەو ئەزمونەی هەمانە لە بواری هەڵبژاردندا تەمەنادەکەین لە ئایندەدا بانگەشەی هەڵبژاردن شارستانیتربێت و نەبێتە هۆی بێزارکردنی دەنگدەران و هاوڵاتیان بەگشتی، چونکە هەموو هاوڵاتییەک پەیوەستنییە بە هەڵبژاردنەوە