سەرۆك کۆمار پێشوازی لە بەڕێوەبەری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کرد
(0) /
ڕوانگە - لە چوارچێوەی بەشداریی بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، ڕۆژی دووشەممە 11-11-2024 لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە شاری باکۆ، پێشوازیکرد لە بەڕێز ئاخیم شتاینەر بەڕێوەبەری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP).
لە میانەی دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی پتەوکردنی هاریکاری نێوان عێراق و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کرا، بەشێوەیەك کە سیاسەتی گشتی لە بواری گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا پەرەپێبدات، لەوبارەیەوە سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پەرۆشیی عێراق بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان بە ئامانجی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و رەخساندنی دەرفەتی نوێی کار، سەرەڕای چالاککردنی کەرتی تایبەت و پشتگیریکردنی و زیادکردنی رۆڵی لە پرۆسەی گەشەپێداندا.
هەروەها سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و نەهامەتیەکانیان لە شنگال و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیان بەشێوەیەکی ئارام و سەقامگیربونیان لە زێدی خۆیان و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان، لەوبارەشەوە سەرۆك کۆمار رونیکردەوە، کە هێنانەدی ئەم ئامانجە لەڕێگەی بەهێزکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش دەبێت لەنێوان دەزگا حکومییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە ئاوارەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، کە میکانیزمەکانی کارکردنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێبوونی مرۆیی (UN-Habitat) هێواش و خاون و پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی رۆڵبینینی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگەی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانیەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی ئەو کارەساتە مرۆییەی گەلی فەڵەستین و لوبنان لە ئەنجامی دەستدرێژی بەرنامە بۆ داڕێژراو، روبەڕویان بۆتەوە.
هاوکات لە کۆبونەوەکەدا باس لە گفتوگۆکانی ناو کۆنفرانسی COP29 و دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان و گرنگی نزیککردنەوەی دیدگاکان و گەیشتن بە رێککەوتنەکان کرا، لەپێناو هێنانەدی هاریکاری بەرهەمدار لە بواری بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر جیهان.
لای خۆیەوە بەڕێز شتاینەر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك کۆمار دەربڕی، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پەرۆشیی هەموو دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا بەرنامەی UNDP بۆ رەخساندنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە گەشەپێدانی تەواو لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری لە هەموو بوارەکاندا.
لە کۆبونەوەکەدا بەڕێزان دکتۆر ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی و د.عەلی لامی راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا ئامادەبون.
تێبينيێك بنێرە: