سەرژمێری و پشکی هەرێم / د. نەرمین معروف غفور
(0) /
ڕانگە - یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکانی سەرژمێری گشتی لە عێراق کە بۆ ئایندە دەکرێتە بنەمای بەرنامە و پلاندانانی حکومەت لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابوری ، کۆمەلایەتی، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەژاری ، بێکاری ، خەرجکردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بواری تەندروستی ، خوێندن، ئاو ، کارەبا ، رێگاوبان ، و هتد . بریتییە لە ژمارەی دانیشتووان و پێکهاتەی دیمۆگرافییان لەڕوی رەگەز ، تەمەن ، ئاستی خوێندن، و شوێنی نیشتەجێبوونیان،..
پشتبەست بە بڕگەی سێهەم لە مادەی ١٢١ی دەستور دەبێت لە داهاتە فیدراڵییەکان پشکێکی دادپەروەرانە تەرخانبکرێت بۆ هەرێم و پارێزگاکان، بە لەبەرچاوگرتنی دەرامەت و پێداویستی و ڕێژەی دانیشتووانیان کە بەشی جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان بکات…
ئاشکرایە لە عێراق ٢٧ ساڵ و لە هەرێم ٣٧ ساڵە سەرژمێری گشتی نەکراوە، هەربۆیە لە ١٨ ساڵی رابردوو حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتوان و رێژەی گەشەکردنیان پلان و بەرنامەی کارەکانی خۆی ئاڕاستەکردووە، و لەم نێوەندەشدا پشکی هەرێم و پارێزگاکانی لە یاسای بودجەی گشتی ، بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، قەرز و بەخششە نێودەوڵەتییەکان دیاریکردووە، دەرەنجام وێڕای بەدینەهاتنی ئامانجەکانی گەشەپێدان وەک خۆی، زۆر کات نادادپەروەری لەم دابەشکارییە بۆتە مایەی قوڵبوونەوەی کێشەکان و فراوانبوونی جیاوازییەکان ، درووستبوونی گازندە و ناڕەزایەتی هاولاتیان تا سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی جەماوەری و روودانی پشێوی و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی..
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی دانپێدانراو لە مادەی ١١٧ی دەستور ، بەپێی چەندین مادەی دەستوری مافی هەیە لە داهات و سامانەکانی عێراق. لەم چوارچێوەیەشدا گەر سەرنج بدەین لە یاساکانی بودجەی فیدڕاڵی هەر لە یەکەم یاسای بودجە لەدوای روخانی رژێم لە ساڵی ٢٠٠٦ و بەدواوە پشکی هەرێم لە خەرجی گشتی و قەرزە دەرەکییەکان و تەرخانکراوی پەرەپێدانی هەرێمەکان لەناو ئەو یاسایانە جێگیرکراوە، بەلام هاوشێوەی پشکی پارێزگاکانیتری عێراق لەسەر بنەمای خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بڕیار لەو پشک و شایستانە دراوە..
لە نێوان سالانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٧ پشتبەست بە خەمڵاندنی رێژەی دانیشتوانی هەرێم لە کۆی دانیشتوانی عێراق و بەپێی رێکەوتنی سیاسی لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و بە کاریگەری رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال لە سەرەتاوە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵ بە رێژەی ١٧٪ دەستنیشانکراوە و بەیاسا چەسپێنراوە ، بەهەمان رێژەش مافی هەرێم لە بودجەی تەواوکاری ، قەرزی نێودەوڵەتی، و پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریکراوە، ئەگەرچی بەهۆی سەرهەڵدانی کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەغدا ناردنی ئەو پشکەی هەرێمی لە بودجەی فیدڕاڵ راگرت ،و شایستەکانی هەرێم لە چەند بڕگەیەکی کەمی خەرجی حاکیمەدا سنووردارکرا. ئەمە وێڕای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٥ەوە توانای خەرجکردنی کرداری( الانفاق الفعلي) حکومەتی فیدڕاڵ کرایە قەید و بەربەستێک لەسەر خەرجکردنی تەواویی پشکی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی..
لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ساڵی ٢٠٢٣ کە یاسای بودجەی سێ ساڵەی تێدا دەرچووە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ پشکی هەرێم و تەواویی شایستەکانی لە بودجەی گشتی کەمکردۆتەوە بۆ ١٢،٦٧٪ ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو رێژەیە تەنها لە خشتەی خەرجییەکاندا ئاماژەی پێدراوە و لە هیچ دەقێکێ یاسای بودجەی ئەو سالانە بەروونی ئەو رێژەیە نەنووسراوە !!
لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار باس لەوەکراوە کە دەبێت پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٠٩ بەدواوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و جیاوازی سالانی پێشتریش پاکتاوبکرێت بەپێی ئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتوان کە دەبوایە لەو ساڵە بەڕێوەبچێت. دواتریش لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ ، ٢٠١٩ ،٢٠٢١ دیاریکردنی پشکی هەرێم لە کۆی خەرجی کرداری (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) پەیوەستکردووە بە نفوسی پارێزگاکانی هەرێم..
لە یاسای بودجەی سێ ساڵەش وێڕای ئەوەی وەزارەتی پلاندانان رێژەی دانیشتوانی هەرێمی بە ١٤٪ خەمڵاندبوو بەلام پشکی هەرێم هەر بە ١٢،٦٧٪ دیاریکرایەوە، جگە لەوەش پشکی هەرێم لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە ١١٪ دیاریکرا بە بیانووی ئەوەی رێژەی هەژاری لە هەرێم کەمترە بەراورد بە پارێزگاکانیتری عێراق..
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گۆرانکارییانەی لە ١٨ ساڵی رابردوودا بەسەر پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە لە یاساکانی بودجەی فیدڕاڵ نەبوونی داتا و زانیاری راست و درووستە دەربارەی ژمارەی دانیشتوان، و پەنابردنە بەر مەزەندەکردن و خەمڵاندن بۆ دابەشکردن و خەرجکردنی داهاتە گشتییەکان..
لەمەوە روونە کە ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی کە لە رۆژانی ٢٠و ٢١ ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت چارەنووسازە بۆ ئایندەی مافە دارایی و ئابورییەکانی هەرێم و پارێزگاکان، و پێویستە هەموو هاولاتیان لە شار و زێدی خۆیانبن لەو دوو رۆژەدا، و بەشداربن لە تۆمارکردنی زانیارییەکانیان بە راستی و دروستی لەپێناو پاراستنی مافی خۆیان و نەوەکانیان و شارەکانیان..
تێبينيێك بنێرە: