جێگرەکەی ئەبوبەکر بەغدادی و بەرپرسی دارایی داعش کە کەوتە دەستی هێزەکانی عێراق، کێ بوو؟
(0) /
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی جێگری ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی پێشووی گرووپی تیرۆریستی داعشی ئاشکرا کرد.
لە بەیاننامەیەکی فەرمی یەکەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراقدا هاتووە کە هاوکات لە گەڵ جەژنی هەڵبژاردنەکان، مزگێنی دەستگیرکردنی بەرپرسی ئابوری و دارایی داعش بە ناوی سامی جاسم محەممەد جەعاتە عەجوز جبوری ناسراو بە ئەبو ئاسیا و ئەبو عەبدولقادر زۆبەیدی ڕادەگەێنین.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو تیرۆریستە لە پرۆسەیەکی تایبەت لە دەرەوەی سنورەکانی عێراق و لە لایەن دەزگای هەواڵگری نیشتمانییەوە بووە و بەرپرسەکەی داعش یەکێک لە گەورەترین کەسانی داواکرا لە ئاستی نێودەوڵەتی و کەسێکی نزیک لە ئەنجومەنی ناوەندی داعش و نزیکترین کەس لە سەرکردەی ئێستای ئەو گرووپە تیرۆریستییە واتە عەبدوڵڵا قەرداش بووە.
تیرۆریستە دەستگیرکراوەکەی داعش لە دایکبووی ساڵی 1974 و خاوەنی چوار منداڵە و بەدەر لە هاوسەرەکەی خۆی، سێ ژنە ئێزدیشی وەک کۆیلە هەبووە.
ناوبراو ساڵی 2004 بەیعەتی دایە ئەبومەسعەب زەرقاوی و لە ساڵی 2005 لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیر کرا و برایە گرتووخانەی بوکا و لە ساڵی 2010 ئازاد کرا.
سامی جاسم جبوری پاشان کرایە بەرپرسی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین و دواتر لە ساڵی 2014 بووە بەرپرسی ئەمنی ویلایەتی دیجلە و دواتریش جێگری والیی دیجلەی داعش.
پاشان بۆ سوریا گوازرایەوە و لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادییەوە وەک میری دیوانی ئەلرکاز و پاشان جێگری دووەمی ناوبراو و بەرپرسی دارایی گرووپی تیرۆریستی داعش دەستنیشان کرا.
پاش کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی کرایە بەرپرسی گشتی ویلایەتی شام و بەڕێوەبەری دۆسیە دارایی و ئابورییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش.
سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵی پاراستنی ئاسایشی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیان دەدا، هێزەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لە یەکێک لە دژوارترین ڕاسپاردەکانی دەرەوەی سنورەکان بۆ دەستگیرکردنی سامی جاسم بەرپرسی دارایی داعش و جێگری بەغدادی بوون.
کازمی بۆ ئەم دەسکەوتەش ستایش و سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد./.
تێبينيێك بنێرە: