نرخی دۆلار بووەتە سەرئێشەی کەرتی ئابوریی عێراق

(0) / / ڕاپۆرت / مەزهەر محەممەد ساڵح


Sep 27, 2022

قەبارەی فۆنت:

گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی یەدەکی دراوی عێراق و لە ئێستادا ڕێژەکەی لای بانکی ناوەندیی ئەم وڵاتە 82 ملیار دۆلارە.

هەواڵ و لێدوانی بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراقی سەبارەت بە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار، کەرتی ئابوریی ئەم وڵاتەی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە. ئەم بابەتەش دەتوانێت ئەزموونێکی جیدیی ئابوری لە بەردەم کابینەی نوێی عێراقدا بێت کە بە هۆی قەیرانی سیاسییەوە پێکهێنانەکەی بەرەو یەک ساڵ دواکەوتن دەڕوات.

بانکی ناوەندیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕینی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار هیچ پاساوێکی نییە و لە هەمان کاتدا ڕایگەیاندووە کە هەلومەرجی ئابوری هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییەیە.

عەمار خەڵەف جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار لە پاش پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکەن، وتی: بە بۆچوونی ئێمە نرخی دۆلار لە ئێستادا وەک مەرجەعێکی داراییە و پاساوێک بۆ گۆڕینی نابینرێت.

ناوبراو وتی کە ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی مەرجەعی دارایی و بە پێی هەلومەرجی ئێستایە.

جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق وتی: لە ساڵی 2004 تا ئێستا نرخی دۆلار تەنیا یەک جار گۆڕانکاریی هەبووە و هیچ پلانێکیش بۆ گۆڕینی لە داهاتوودا نییە، مەگەر پاش 3 تا 5 ساڵی دیکە، هەلومەرجی ئابوری ئەو کاتەش بڕیار لە سەر پرسێکی وەها دەدات.

بە بۆچوونی دەرید عەنزی شارەزای کاروباری ئابوریی عێراق، زیانەکانی ئەم وڵاتە لە گۆڕینی نرخی دۆلار و پاشەکەوتکردنی دراو گەیشتووەتە 15 ملیار دۆلار.

ناوبراو وتی کە باشترین ڕێگا لە ئێستادا بۆ پاراستنی زیادەی داهاتە نەوتییەکان، بەکارهێنانیە لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، لە بەر ئەوەی کە پاشەکەوتکردنی دراو ڕوبەڕوی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان دەبێتەوە.

عەنزی وتی کە بانکی ناوەندی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ڕۆڵی لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کاڵا و پێداویستییەکانی دیکەدا هەبووە و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لە سەر ژیانی هاووڵاتیان داناوە.

لە لایەکی دیکەوە مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری و دارایی وتی کە ئەگەری هەر بڕیارێکی دیکە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار لە ئارادایە، بەڵام کاتێک کە نەرخەکان بەرز ببێتەوە و سیاسەتی دارایی لاواز بێت بۆ ئەم گۆڕینە پێویست بە کات دەکات.

هەروەها جاسم موسەوی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەم هاوپەیمانییە، گەڕاندنەوەی نرخی دۆلارە، بە تایبەت لە پاش باشتربوونی دۆخی ئابوری.

چەند ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایانگەیاندووە کە پرسی گۆڕینی نرخی دۆلار پەیوەندی بە بانکی ناوەندییەوە هەیە وەک دامەزراوەیەکی ئابوریی سەربەخۆ و پەرلەمان بە تەنیا بڕیار بە دەست نییە./.